هەرێم نیوز
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی، و ڕایگەیاند، کە ئەم هەنگاوە دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی 5ـی 2026، فراکسیۆنی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی، بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ پەرلەمان داوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ بەغدا ڕێگای بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی خۆش کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەم گەڕانەوەیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە بکەن کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکانی گەلی کوردستان. فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە، کە هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق دەمێننەوە.