دواین هەواڵ

ئابوری‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ عێراق دەستپێکردەوە

هەرێم نیوز

دوای ماوەیەک لە وەستان بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیکردەوە بە ناردنی پارەی کاش (دۆلار) بۆ عێراق.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئاساییبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و کەمبوونەوەی گرژییە سیاسییەکانی ناوچەکە، فڕۆکەیەکی هەڵگری دۆلاری ئەمریکی لە نیویۆرکەوە گەیشتووەتە بەغدا. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەیەک هاتنی دۆلار بۆ ناوخۆی عێراق تووشی بەربەست ببوو.

پرسی ناردنی دۆلار بۆ عێراق لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، گەشتە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا پەکخران، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردە سەر گواستنەوەی پارەی کاش. لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە ئەمەیان وەک "سزا" و گوشاری واشنتن بۆ سەر بەغدا لێکدەدایەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق جەخت دەکەنەوە کە هۆکارە تەکنیکییەکان و وەستانی گەشتەکان هۆکاری سەرەکی بوون.

جێگەی ئاماژەیە، داهاتی نەوتی عێراق لە بانکێکی فیدراڵی لە ئەمریکا دەپارێزرێت و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، مانگانە بڕێکی دیاریکراو لەو داهاتە بەشێوەی "کاش" و لە ڕێگەی فڕۆکەی تایبەتەوە دەگەیەنرێتە بەغدا بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان و جێگیرکردنی بەهای دینار.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP