هەرێم نیوز
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نوێترین پێشهاتەکانی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٦، ڕێباز حەملان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی چوار ڕەوانەی بەغدا کراوە و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها چاوەڕێی نووسراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ تا پارەکە خەرج بکرێت. بڕیارە لە سبەینێ یەکشەممەوە وەزارەتی دارایی هەرێم دەست بکات بە ئامادەکردنی داهاتی ناوخۆ بۆ خستنە سەر هەژماری بەغدا.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران باسی لەوە کرد کە تێگەیشتنێکی باش لەگەڵ بەغدا هەیە سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ بەهۆی سستبوونی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکان. هەروەها وتی، "بەغدا داوای جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکوودای تایبەت بە یەکخستنی گومرگەکانی کردووە و لیژنەکان خەریکی کارکردنن لەسەری."
سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ڕێباز حەملان ڕایگەیاند کە هێشتا لەسەر چەند پۆستێکی باڵا ڕێککەوتن نەکراوە و بەدووریشی زانی بەمزووانە کۆبوونەوەی ئاستی باڵا ئەنجام بدرێت. وتیشی، "ئەو قسانەی لە سلێمانی دەکرێن بەدەرن لەو دانوستانانەی پێشتر کراون؛ یەکێتی دەیەوێت هەندێک لیستی تر بهێنێتە پێشەوە کە ئەمە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکاندا نەبووە."
ڕێباز حەملان پەیامێکی توندی ئاراستەی لایەنەکان کرد و وتی: "ئەگەر پرۆسەکە لەوە زیاتر دوا بکەوێت و باس لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە زۆر لە جاران زیاتر ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ڕێگەی کۆمیسیۆنی باڵای عێراقەوە."