هەرێم نیوز
نووسینی: وو یافێی - چاودێری پرسە نێودەوڵەتییەکان
جیهانی ئەمڕۆ شایەتحاڵی ناسەقامگیرییەکی بەردەوامە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دۆخەکەی ئاڵۆزتر و تێکئاڵاوتر بووە. لە هەفتەی ڕابردوودا، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە ئاگربەستێکی کاتی، کە دەرگای بۆ گفتوگۆ و دانوستان کردەوە. بەڵام دۆخەکە هێشتا ناسک و مەترسیدارە، و ناوچەکە جارێکی دیکە گەیشتووەتە دووریانی نێوان جەنگ و ئاشتی.
لە ١٤ی نیسان، شی جین پینگ، سەرۆکی چین لەگەڵ شێخ خالید بن محەمەد بن زاید، جێنشینی ئەبوزەبی کۆبووەوە، و دیدگایەکی چوار خاڵیی بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو. ئەم دیدگایە دەنگێکی بەهێزە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەکانی ئێستای ناوچەکە، کە خۆی لەم چوار بنەمایەدا دەبینێتەوە:
یەکەم: پابەندبوون بە بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە وڵاتانی ناوچەکە، بە وڵاتانی کەنداویشەوە، دراوسێی یەکترن و جوگرافیاکەیان ناگۆڕێت. هیچ کەسێک ناتوانێت بە ئارامی بخەوێت ئەگەر باخچەی ماڵی دراوسێکەی لە ئاگردا بێت. شەڕەکانی ڕابردوو سەلماندیان کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت بەتەنها لە قەیرانەکان دەرباز بێت. ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان سعودیە و ئێران بە چاودێریی چین، نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەم پێکەوەژیانە و دروستکردنی متمانەیە لە ناوچەکەدا.
دووەم: پاراستنی سەروەریی وڵاتان یەکسانی لە سەروەریدا، بەردی بناغەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. زۆربەی کارەساتەکانی ناوچەکە دەرەنجامی دەستێوەردان، خۆسەپاندن و نانەوەی ئاژاوەیە لەلایەن هەندێک لە زلهێزەکانەوە. ئەزموونەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەلماندوویانە کە چارەسەری سەپێنراوی دەرەکی هەرگیز سەرکەوتوو نابێت؛ ئاشتی بەبێ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان بەدی نایەت.
سێیەم: سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی گەورەترین ئاڵەنگاریی بەردەم یاسای نێودەوڵەتی لەمڕۆدا، جێبەجێکردنی "ئارەزوومەندانە" و دووفاقییانەیەتی لەلایەن هەندێک وڵاتەوە. ئەگەر چەمکی "سیستەمی بنەمادار بە ڕێسا" تەنها ببێتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی سزای تاکلایەنە، ئەوا جیهان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "یاسای دارستان". چین داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرگری لە فرەجەمسەرییەکی ڕاستەقینە بکات و دادپەروەری بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی بگەڕێنێتەوە.
چوارەم: هاوسەنگی لە نێوان گەشەپێدان و ئاسایشدا بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەم جەنگە ڕەنگە ببێتە هۆی پاشەکشەی ئابووریی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٦، بە زیانی نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار بۆ ناوچەکە و خستنی زیاتر لە ٣٢ ملیۆن کەس بۆ ناو هەژاری. کێشەی داخستنی گەرووی هورمز تەنها ناوچەیی نییە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر بازرگانی، وزە و ئاسایشی جیهان. ئاسایش چارەسەری قەیرانی ئێستایە، بەڵام گەشەپێدان چارەسەری داهاتوویەکی بەردەوامە.
ڕۆڵی پەکین لە پاراستنی سەقامگیریدا
وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتێکی خاوەن بەرپرسیارێتی، چین لەگەڵ پاکستان دەستپێشخەرییەکی پێنج خاڵییان بۆ ئاشتی لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند. وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، نزیکەی ٣٠ پەیوەندی و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتاکانی ئەنجامداوە، و نێردەی تایبەتی حکومەتی چینیش سەردانی مەکۆیی (Shuttle diplomacy) چڕی بۆ ناوچەکە کردووە.
لە پاڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، چین یەکەم وڵات بوو کە هاوکاریی مرۆیی بەپەلەی گەیاندە ئێران، ئوردن، لوبنان و عێراق، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەستی بەرپرسیارێتیی ئەو وڵاتەیە.
ئەوەی لە ڕێڕەوەکەیدا نەوەستێت، دەگاتە مەنزڵ. چین هەمیشە لە بەرەی ئاشتی، گفتوگۆ و لایەنە دروستەکەی مێژوودا دەوەستێت، و لەپێناو سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە هەمان دیدگایان هەیە.