هەرێم نیوز
جەنگی سەر ئێران ناتوانێت کۆتاییەکی هەمیشەیی بەخۆیەوە ببینێت بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەتایبەتیش چارەنووسی ئەو یەدەگە یۆرانیۆمەی کە تا ئێستاش شوێنەکەی و ئاستی پیتاندنەکەی لەوپەڕی تەمومژدایە. لێرەدا پرسیارێکی هەستیار دێتە ئاراوە: ئایا دەکرێت ئەم یۆرانیۆمە بۆ وڵاتێکی سێیەم بگوازرێتەوە، یان خەستییەکەی بۆ ئاستێکی بێمەترسی کەم بکرێتەوە؟
مەتەڵی یەدەگە شاراوەکەی تاران
بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە پێش هەڵگیرسانی جەنگە ١٢ ڕۆژییەکەی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بڵاوکراونەتەوە، تاران خاوەنی ٤٤١ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە بە ڕێژەی ٦٠٪، کە ئەمەش زۆر نزیکە لەو ڕێژەی ٩٠٪یەی کە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە. هەروەها، دامەزراوەکانی ئێران ١٨٠ کیلۆگرام بە ڕێژەی ٢٠٪ و زیاتر لە ٦ هەزار کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراویان بە ڕێژەی ٥٪ لەخۆگرتبوو. ئەم یەدەگەیە بەسەر بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهاندا دابەشکرابوو.
بەڵام لە دوای گورزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، بەهۆی وەستانی گەڕان و پشکنینەکانی ئاژانسی ئەتۆم، چارەنووسی ئەم یەدەگەیە بە نادیاری ماوەتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا وەک تاران بانگەشەی بۆ دەکات یۆرانیۆمەکە لە ژێر زەویدا پارێزراوە، یان گواستراوەتەوە و بەشێکی لەناو براوە؟ لەلایەکی تریشەوە، سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان گومان لەوە دەکەن کە پێش جەنگەکەی ٢٠٢٥، ئێران دامەزراوەی نهێنیی نوێی بنیات نابێت.
کەلێنی هەواڵگری و مەترسییەکان
سەرچاوە دیپلۆماسییە ئەوروپییەکان جەخت لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی کاری پشکنەرانی نێودەوڵەتی دەکەنەوە بۆ ڕەواندنەوەی ئەم گومانانە، کە وەک مەرجێکی پێشوەختە بۆ هەر جۆرە دانوستانێک سەیر دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژە بە بوونی ١٢٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٢٠٪ دەکەن، کە جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئامارەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان.
شارەزایانی بواری ئەتۆمی، لەوانەش ئیلویز فایێ، لێکۆڵەری فەرەنسی لە سەنتەری "ئیڤری"، ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی یۆرانیۆمی سەروو ٢٠٪ هیچ پاساوێکی مەدەنیی نییە، چونکە وێستگەکانی کارەبا تەنها پێویستیان بە خەستیی ٤٪ بۆ ٥٪ هەیە. هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکیی گومانەکانی ڕۆژئاوایە سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
بژاردەی گواستنەوە بۆ وڵاتێکی سێیەم
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانەکانی ئەم دواییەیدا ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان ڕازی بوون "تۆزە ئەتۆمییەکە" ڕادەستی واشنتۆن بکەن، و ئاماژەی بە بوونی "فرسەتێکی زۆر باش" کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. یەکێک لە بژاردە بەهێزەکان لە ئەگەری ڕێککەوتندا، دەرکردنی تەواوی یۆرانیۆمە خەستەکەیە یان بەشێکی بۆ دەرەوەی ئێران.
پێشتر لە ساڵی ٢٠١٥، سابيقەیەکی لەم شێوەیە تۆمارکرا کاتێک بەشێک لەو یۆرانیۆمە گواسترایەوە بۆ ڕووسیا. ئەگەرچی دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین دووپاتی کردووەتەوە کە پێشنیارەکەی ڤلادیمێر پوتین بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمەکە هێشتا کاری پێدەکرێت، بەڵام لێکۆڵەران پێیان وایە ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ لە ئێستادا و گەورەیی قەبارەی یۆرانیۆمەکەی ئێران، جێبەجێکردنی ئەم بژاردەیە زۆر ئاڵۆزتر دەکەن.
کەمکردنەوەی خەستی لە ناوخۆدا
لە بژاردەیەکی دیکەدا، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئێران بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کردووە کە تاران پێشنیاری کەمکردنەوەی خەستیی یۆرانیۆمەکەی لە ناوخۆی وڵاتدا کردووە. ئەگەرچی کەمکردنەوەی ئەم خەستییە بۆ خوار ٥٪ مەترسییە سەربازییەکان تا ئاستێکی زۆر کەمدەکاتەوە، بەڵام پرسیارەکە لە میکانیزمی جێبەجێکردنەکەدایە؛ ئایا پرۆسەکە بە چاودێری ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەبێت یان شارەزایانی ئەمریکی؟
پاریس پێی وایە سپاردنی ئەم ئەرکە بە ئاژانسی ئەتۆم، شەفافیەت دەگەڕێنێتەوە بۆ پرۆسەکە. بەڵام ئەم هەنگاوە پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەمریکایە بۆ هێشتنەوەی مافی پیتاندن لەسەر خاکی ئێران، کە هێشتا جێگەی ناکۆکییە.
تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکان
گەیشتن بە هەر چارەسەرێک پێویستی بە بەزاندنی هێڵە سوورەکانی هەردوو لایە؛ واشنتۆن کە پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی پیتاندن دەکات، بەرامبەر تارانێک کە بەتوندی قبوڵکردنی ئەو مەرجە ڕەتدەکاتەوە.
چاودێران پێیان وایە هەر بژاردەیەک لە کۆتاییدا پەسەند بکرێت، تەنها خاڵی دەستپێک دەبێت بۆ دانوستانێکی ئاڵۆز و درێژخایەن بۆ سەپاندنی کۆتوبەندی توند بەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا. وەک ئیلویز فایێ جەختی لێ دەکاتەوە: "ناچارکردنی ئێران بە وازهێنانی یەکجاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی مەحاڵە، چونکە زانستە ئەتۆمییەکە و بنکەکان بوونیان هەیە، بەڵام ئەوەی دەکرێت چاودێریکردن و دانانی سنوورێکی توندە بۆ پرۆسەکە."