دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ماکرۆن: لەگەڵ بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە لووتکەیەک لەسەر گەرووی هورمز ساز دەکەین

هەرێم نیوز

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایدەگەیەنێت، کە بەم زووانە لەگەڵ بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە لووتکەیەک سەبارەت بە گەرووی هورمز ساز دەکەن، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە ئامانجیان پێکهێنانی هێزێکی فرەنەتەوەییە بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی لەگەڵ بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکەدا، ئامادەکاری دەکەن بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی لووتکە، کە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پرسی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە لە ڕێگەی پێکهێنانی هێزێکی فرەنەتەوەییی ئاشتیخوازەوە، ئەرکی پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا بە ئەنجام بگەیەنن.

سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە دەبێت هەر ئەرک و جووڵەیەکی هێزی دەریایی لە گەرووی هورمز، بەتەواوەتی تەنیا بۆ مەبەستی بەرگریکردن بێت. 

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا ڕوونیکردووەتەوە، کە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەوەدایە کە سەرجەم ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنیا لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP