دواین هەواڵ

ئابوری‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: داهاتی نانەوتیی مانگی ئازاری هەرێم ڕادەستی بەغدا کرا

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داهاتی نانەوتیی مانگی ڕابردووی هەرێمیان بە شێوەی نەختینە (کاش) خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، بڕی (٤٣،٠٩٤،١٤١،٠٠٠) چل و سێ ملیار و نەوەد و چوار ملیۆن و سەد و چل و یەک هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتیی مانگی ئازار ڕادەست کراوە.

وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕە پارەیە بە شێوەی "کاش" خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی دارایی نێوان هەولێر و بەغدایە، کە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی بەردەوامیی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەردوولا لە هەوڵی ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی پەیوەندییە داراییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی بودجەدان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP