هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی توندی سەبارەت بە بەردەوامی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر بارەگاکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ ڕێگری لەم هێرشانە نەکات، ناچار دەبن هەڵوێستی دیکەیان هەبێت.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، شەوی ٥ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە. دەشڵێت: "لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم هێرشانە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەردەوام بوون و زیانی گیانی و ماددی زۆریان لێکەوتووەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەم هێرشانە "بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە" ئەنجام دەدرێن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هیچ هەڵوێستێکی جدییان بۆ ڕێگریکردن لەو گروپە "تیرۆریستی و لەیاسادەرچووانە" نەبووە.
وەزارەتی پێشمەرگە جەختی کردووەتەوە کە پێشمەرگە بەشێکی سەرەکییە لە سیستەمی بەرگری عێراق، بۆیە دەبێت دەستدرێژییەکان بوەستێنرێن و تاوانکاران سزا بدرێن. لە کۆتایی پەیامەکەشدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک دانمان بە خۆماندا گرتووە، بەڵام ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەروا بێ هەڵوێست بێت، ناچار دەبین هەڵوێستی دیکەمان هەبێت."