هەرێم نیوز
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە نوێترین ئاماردا سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند، کە تاوەکو ئێستا پتر لە "١٢ هەزار و ٣٠٠" ئامانجی جیاوازیان لەنێو خاکی ئەو وڵاتە پێکاوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، دامەزراوەکانی پەیوەست بە بەرنامەی موشەکی بالیستی و کۆگا گەورەکانی هەڵگرتنی موشەک، بەشێکی سەرەکی بوون لەو ئامانجانەی کە لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە زیان بە پتر لە ١٥٥ کەشتی و یەکەی دەریایی ئێران بگەیەنن یان بە تەواوی تێکیان بشکێنن، ئەمەش وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانیان بۆ سەر توانا سەربازییەکانی تاران.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا جەختیشی کردووەتەوە کە لەم جەنگەدا پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکانی وەک "F-22" و "F-35" بەکارهێنراون، لەگەڵ بەشداریی کارای بۆردومانکەرە ستراتیژییەکانی جۆری "B-1"، "B-2" و "B-52" بۆ پێکانی ئامانجە دوورمەوداکان.