هەرێم نیوز
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا دەکات، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا نەیەنە ناو هاوپەیمانیی بۆ کردنەوەی گەرووی هورموز، کە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی شوباتی ڕابردووەوە بە کردەیی داخراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"، ترامپ مانگی ڕابردوو داوای لە هێزە دەریاییەکانی ناتۆ کردبوو بۆ کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە هەنگاو بنێن، بەڵام هەندێک لە پایتەختە ئەوروپییەکان بەهۆی بەردەوامیی ململانێکانەوە سەرەتا لە هاوکاریکردن پاشەکشەیان کردبوو و ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئەم جەنگە "جەنگی ئەوان نییە".
لە ئەنجامی ئەم گوشارانەی واشنتن و بەدواداچوونی سکرتێری گشتیی ناتۆ، هەریەکە لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە لە ١٩ی ئازاردا ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورموز دەربڕی.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە ئەم هەفتەیە میوانداریی کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی ٣٥ وڵات دەکات بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە مەبەستی کردنەوەی گەرووەکە.
داخستنی گەرووی هورموز بووەتە هۆی پەککەوتنی گواستنەوەی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان، ئەمەش وای کردووە ئیدارەی ترامپ فشارە سەربازی و سیاسییەکانی بۆ سەر هاوپەیمانەکانی توندتر بکاتەوە تاوەکو بە شێوەیەکی کردەیی بێنە ناو هاوکێشەکەوە.