دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا سێ ملیۆن دۆلار وەک پاداشت بۆ ئاشکراکردنی هێرشکارانی سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی لە عێراق دیاری دەکات

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی پرۆگرامی "پاداشت بۆ دادپەروەری"، بڕی ٣ ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک کە زانیاریی ورد و دروست لەسەر ئەو گروپە چەکدارانە بدات کە هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغداد و کونسوڵخانەکەی لە هەولێر.

ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە کە ناوچەی سەوزی بەغداد و بنکەکانی هاوپەیمانان بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنیی گروپە میلیشیا نایاساییەکان دەبنەوە، حکومەتی ئەمریکاش دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم پاداشتەوە ناسنامە و شوێنی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی دیپلۆماتکارەکانیان دروست دەکەن.

وەزارەتی دەرەوە داوا لە هاووڵاتیانی عێراقی دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی نێردە نێودەوڵەتییەکان هاوکار بن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر کەسێک زانیاریی لایە دەتوانێت لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی واتسئەپ، تێلێگرام یان سیگناڵەوە پەیوەندی بە ژمارە تەرخانکراوەکانی پرۆگرامەکەوە بکات.

ئەمریکا دڵنیایی دەداتە سەرچاوەکانی زانیاری کە ناسنامە و زانیارییە کەسییەکانیان بە تەواوی بە نهێنی دەمێنێتەوە و گەرەنتی پاراستنی سەلامەتییان دەکات لە بەرامبەر پێدانی هەر زانیارییەکی بەسوود کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی هێرشکاران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP