دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران لەوانەیە مەترسیدارتر بێت.!

وەرگێڕان: یادگار عەلی 

دۆناڵد ترەمپ بەهرەیەکی سەیر و سەمەرەی هەیە لە پاڵنانی نەیارەکانی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی جۆری نوێی هەژموون و فشار خستنەسەر ویلایەتەیەکگرتووەکان. شەڕی بازرگانیی ئەو لەگەڵ چین، پەکینی قایل کرد، کە سوود لە کۆنترۆڵکردنی کانزا دەگمەنەکان وەربگرێت، ئەمەش واشنتۆنی ناچار کرد باجە گومرگییەکان کەمبکاتەوە.

بە شێوەیەکی هاوشێوە، ئێران دواجار هەڕەشە کۆنەکەی خۆی بۆ داخستنی گەرووی هورمز جێبەجێ کرد. تاران، هاوشێوەی پەکین، دڵخۆشبوو کاتێک بۆی دەرکەوت بە چ خێراییەک دەتوانێت ئازارێکی ئابووریی گەورە بە ڕۆژئاوا بگەیەنێت.

بەکارهێنانی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، وەک کارتێکی فشار، بەو مانایەیە، کە کۆماری ئیسلامی چاوی لە شتێکی گەورەترە لە تەنها ڕزگاربوون لە هێرشەکانی ئیسرائیل. ئەگەرێکی ڕاستەقینە هەیە، کە ئێران بە پێگەیەکی نێودەوڵەتیی بەهێزترەوە لەم شەڕە بێتەدەرەوە.

بێگومان ئێران گورزی کوشندەی بەرکەوتووە؛ ڕێبەری وڵات و چەندین ڕاوێژکاری باڵا لە ڕۆژی یەکەمی ململانێکاندا کوژران. هەروەها کەشتی و سەکۆکانی هەڵدانی موشەک و ناوەندەکانی فەرماندەیی کەوتوونەتە بەر هێرشی توند. ئابووریی ئێران بەدەست قەیرانەوە دەناڵێنێت و هەڵاوسان زۆر بەرزە.

بەڵام ئێران تەنها خۆڕاگری ناکات، بەڵکو سەلماندوویەتی، کە توانای هەیە زیانی ڕاستەقینە بە دراوسێکانی لە کەنداو بگەیەنێت، وەک سعوودیە و ئیمارات، ئەمەش پرسیاری گەورە لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتانە لە مەودای دووردا دروستدەکات. لەوەش گرنگتر، گەرووی هورمز سەرچاوەیەکی داهاتی گەورە بۆ ئێران دابیندەکات، کە لەوانەیە بەهایەکی یەکجار زۆری هەبێت.

ئێران بڕی نزیکەی (٢) ملیۆن دۆلار، وەک (ڕەسم- باج) لە هەر کەشتییەک وەردەگرێت بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدات بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕێت. لە بارودۆخی ئاساییدا ڕۆژانە نزیکەی (١٤٠) کەشتی هاتوچۆ دەکەن. ئەگەر ئێران سەرکەوتوو بێت لە جێگیرکردنی ئەم سیستمە، مانگانە ملیارەها دۆلار بۆ خەزێنەکەی زیاد دەکات.

مارکۆ ڕووبیۆ هەفتەی ڕابردوو هۆشدارییدا، کە لەوانەیە ئێران هەوڵ گبدات باج بخاتەسەر کەشتییە ئەمریکییەکان. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند، کە ئەمە کارێکی نایاسایی و قبوڵنەکراوە، ئەو لەمەدا ڕاستدەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەمریکا چیی دەتوانێت بکات؟

وەڵامە نائومێدکەرەکە ئەوەیە، کە لەوانەیە هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ئەم بابەتە نەبێت، مەگەر گۆڕانکاری لە ڕژێمی تاراندا ڕووبدات. ئەمریکا لە ئێستادا هێز دەنێرێتە ناوچەکە، بەڵام کۆنترۆڵکردنی (دوورگەی خارگ) — کە ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا پێشنیازی کردبوو — کێشەکە چارەسەر ناکات.

لە ڕاستیدا، نەخشەداڕێژەرە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا زۆر ڕەشبینن سەبارەت بە هەوڵی کردنەوەی گەرووەکە بە هێزی سەربازی. سروشتی ناوچەکە و ئەو تەکنەلۆژیایەی لەبەردەستی ئێراندایە — لەوانەش ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی، کە لە دوورییەکی زۆر لە کەناراوەکانەوە کار دەکەن — وەها دەکات تەنانەت پاسەوانیی دەریاییش نەتوانێت سەلامەتیی کەشتییە بازرگانییەکان گەرەنتی بکات.

ئەمەش وەهادەکات دانوستان لەگەڵ ئێران ببێتە بژاردە هەرە واقیعییەکە، بەڵام تێچووەکەی زۆر زۆر دەبێت. ڕژێمی ئێران تیشکدەخاتە سەر داهاتوویەک، کە ڕێسا و یاساکانی یارییەکە دەگۆڕێت، جگە لەوەی ئەمە، وەک ئامرازێک بۆ پاداشتکردن یان سزادانی وڵاتانی جیهان بەکاردەهێنێت.

سەبارەت بە ترەمپ، کە خۆی بە شارەزا لە دانوستان دەزانێت، وەها دەردەکەوێت، کە سەرلەشێواو بێت. ئەو لەم دواییانەدا دانی بەوەدا ناوە، کە دانوستان لەگەڵ ئێران (زۆر سەیرە). هەفتەی پێشووتر پێشنیازی کردبوو، کە ئێران لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا بە هاوبەشی ئیدارەی گەرووەکە بدەن ئەمەش، وەک هەوڵێک بۆ دابەشکردنی هەژموون لەگەڵ ئێران لێکدرایەوە.

وەها دیارە ئێرانییەکان بایەخێکی ئەوتۆ بەمە نادەن. دراوسێکانی ئێران نیگەرانن لەوەی تاران لەم شەڕە بەجۆرێک بێتە دەرەوە، کە عەمەلییەن کۆنترۆڵی هەناردەی وزەی کەنداوی کردبێت و سەرچاوەیەکی نوێی داهاتی دەستکەوتبێت. هەندێک پێشبینی دەکەن، کە ئیمارات و سعوودیە لەوانەیە لەجیاتی قبوڵکردنی ئەم ئەنجامە، بچنەناو شەڕەکەوە.

بەڵام ئەم وڵاتانە باش دەزانن، کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی نەوت یان وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو دەبێتەهۆی وێرانکارییەکی درێژخایەن بۆ ئابووریی و کۆمەڵگەکانیان. بۆیە لەوانەیە لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە بگەین، کە پارەدان بە ئێران لەبەرامبەر پاراستندا، باشتر بێت لە هەڵگیرسانی شەڕ.

وڵاتانی ئاسیاییش — کە بازاڕە سەرەکییەکانی نەوتی کەنداون — لەوانەیە بیر لە پارەدان بکەنەوە. لە هەمان کاتدا، ژاپۆن و یەکێتی ئەوروپا تێدەگەن، کە پارەدان بە ئێران لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ تووڕە بێت، کاردانەوەی توندی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە.

پەیوەندییەکانی ئەوروپا لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ ئێستاش ئاڵۆزە، ترەمپیش سەرۆکێکی هەڵچووە، ئەمەش لەوانەیە وەها لە ئەوروپییەکان بکات سەرکێشی بکەن لەجیاتی ئەوەی قبوڵی بکەن نرخی وزە بە هەمیشەیی بە بەرزی بمێنێتەوە.

بێگومان، هێشتا (سوپرایزە نەزانراوەکان- Unknown unknowns) بوونیان هەیە، وەک ئەوەی دۆناڵد ڕامسفێڵد دەیوت. دەستێوەردانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣) بووەهۆی پەرەسەندنێکی گەورەی ململانێکان. ئەگەری ئەوەش هەیە فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناوخۆی ئێران لە کۆتاییدا ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکە، بەڵام تائێستا ڕژێمەکە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خۆڕاگر بووە.

لەوانەیە هەندێک لە نەیارانی ترەمپ، وەک ئیسرائیل یان سعوودیە، دڵخۆشبن بەوەی دەبینن ئێران دوژمنەکانی دەسووێنێت، بەڵام ئەمە بیرکردنەوەیەکی کورتخایەنە. ڕژێمی ئێران پشتگیری لە گروپە چەکدارەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و گەلەکەی خۆی لە ناوخۆدا چەوساندووەتەوە، هەروەها پشتگیریی ڕووسیا دەکات لە شەڕی ئۆکرانیادا.

ئەگەر ئێران لەم شەڕە بە تووڕەتر و بە متمانەبەخۆبوونێکی زیاترەوە بێتەدەرەوە، ئەوە هەواڵێکی خراپ دەبێت بۆ ئاسایشی جیهانی، ئابووریی جیهانی و تەنانەت خودی گەلی ئێرانیش. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سیناریۆیە زۆر گونجاو و ئەگەرێکی بەهێزە.
- وەرگێڕان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP