دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشبینیی نوێی کەشناسی: تاوە باران و هەورەبرووسکە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبن

هەرێم نیوز

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، کاریگەریی ئەو هەورەبرووسکە و تاوە باران و تەرزانەی لەسەر سنووری دهۆک و هەولێر هەبوون بەرەو لاوازبوون دەچن و کەشوهەوا لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا جێگیر دەبێتەوە. بەڵام بۆ سبەی دووشەممە، ٦ی نیسانی ٢٠٢٦، جارێکی دیکە لە دوای نیوەڕۆوە ناجێگیری لە کەشوهەوای ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەستپێدەکاتەوە.

 
بەپێی پێشبینییەکان، لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین، ناوبەناو هەوری برووسکەدار و تاوە باران و تەرزە بە بڕی جیاواز دروست دەبێتەوە. لە هەندێک شوێن بارانەکە بەخوڕ دەبێت و لە هەندێک شوێنی تریش ئەگەری هەیە باران نەبارێت، لە کاتێکدا کەشوهەوا لە کەرکووک و گەرمیان بە جێگیری دەمێنێتەوە.

ئەم شەپۆلە لە ناجێگیریی کەشوهەوا و بارانی بەهارە، بەهۆی مانەوەی بارستە هەوای سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، تاوەکو ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦، درێژە دەخایەنێت. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت و پلەکانی گەرمیش وەک خۆیان بە جێگیری دەمێننەوە.

ئاراس جەبار ئاگادارییەکی توند ئاراستەی شوانکارەکان و ئەو هاووڵاتیانە دەکات کە ڕوو لە دەشت و شاخەکان دەکەن، داوایان لێ دەکات لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە زۆر وریای هەورەبرووسکە بن. ئەو جەخت دەکاتەوە کە برووسکەکانی ئەم ماوەیە لەناکاو و زۆر بەهێزن، ئەمەش مەترسییەکی جدی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP