هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کونسوڵخانەی ئەمریکا و ناوچە مەدەنییەکانی هەولێر دەکات، و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ڕێکاری خێرا و یەکلاکەرەوە بەرامبەریان بگرێتە بەر.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، سەرکۆنەی هێرشی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی بۆ سەر کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا و ناوچە مەدەنییەکانی هەولێر کرد.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم دەستدرێژییە بەئەنقەستانە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن، و بە هەموو شێوەیەک قبووڵنەکراون.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی پەیامەکەیدا بە ڕاشکاوی داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات، کە ڕێکاری خێرا، یەکلاکەرەوە و کرداری بەرامبەر ئەو گرووپە چەکدار و میلیشیایانە بگرێتە بەر. هاوکات ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ئەرکی سەرشانی حکوومەتی فیدراڵییە هەموو ڕێگەیەک بەکار بهێنێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم هێرشانە و ڕاپێچکردنی ئەنجامدەرانیان بۆ بەردەم دادگا.