هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی پڕۆسەی پەرەپێدانی سیستەمەکانەوە، خزمەتگوزاریی ئی-پسوولە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕادەوەستێت، و جەختیش دەکاتەوە کە هەموو ئەو پارەدانانەی پێشتر ئەنجام دراون، بە سەرکەوتوویی تۆمار دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە سەکۆی (ئی-پسوولە)ی حکوومەت بەهۆی پڕۆسەی پەرەپێدانی سیستەمەکانی وەزارەتەوە، لە ڕۆژی چوارشەممە 8ی نیسان کاتژمێر 2:00ی پاش نیوەڕۆ ڕادەوەستێت، و ئەم وەستانە تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە 12ی نیسان کاتژمێر 8:00ی بەیانی بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی کارەبا دڵنیایی داوە، کە هەر پارەدانێک پێش وەستانی خزمەتگوزارییەکە ئەنجام درابێت، بە سەرکەوتوویی لە سیستەمەکەدا تۆمار دەکرێت. ئاماژە بەوەش دراوە، کە سیستەمی نوێی پارەدانی پسوولەکان بەشێکە لە خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، کە ئامانجی باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەران و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی پارێزراوە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.
جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی ئی-پسوولە لە مانگی شوباتی ڕابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارەدانی پسوولە بە شێوەی دیجیتاڵی ڕاگەیەندرا، و پڕۆگرامەکە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقیشەوە پەسەند کراوە.