دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سیستەمی "ئەسیکوودا" لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە دەروازە سنوورییەکان ڕێککەوتن، و بڕیاریش درا بەڕێوەبردنی گومرگەکانی هەرێم بە شێوەی هاوبەش بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرپەرشتیی 13یەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی وڵاتی کرد، کە تێیدا شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون، بەتایبەتی لە بواری پێناسەی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. هەروەها بڕیار درا سیستەمی "ئەسیکوودا" لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەو مەرجەی داڕشتنی سیاسەتی گومرگی ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی بێت و بەڕێوەبردنی گومرگەکانیش بە شێوەی هاوبەش بێت لە نێوان هەردوو حکوومەتدا.

بۆ ئەم مەبەستە بڕیار درا شاندێکی هونەریی گومرگی هەرێم و تیمی نیشتمانیی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکان بە ڕەچاوکردنی یاسا بەرکارەکانی هەرێم. فوئاد حوسێن ڕایگەیاند، کە عێراق بەهۆی دۆخی جەنگ لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی سەختیی ئەمنی و ئابووری بووەتەوە، بۆیە ئەم هەنگاوە پێویستە.

 لە بەرامبەریشدا سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم پشتگیریی خۆی بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکان دەربڕی و جەختی لە شەفافیەت و بەرزکردنەوەی داهات کردەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە ئەنجوومەنی ئابووری بڕیاری داوە دەروازەی سنووریی ترێبیل وەک دەروازەیەکی فەرمی بۆ هاوردەکردنی زێڕ دیاری بکات، تا ئەو کاتەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە قەدەغەی ئاسمانی لەسەر وڵات هەڵدەگیرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP