بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی: میران بەکر
فەریق تاهیر جەلیل حەبووش ئەلجومەیلی، دوایین بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە سەردەمی ڕژێمی لە ناوچووی بەعسی سەددام ، تازییەبارییەکەی لە هەولێر ڕاگەیندرا.
دوای ئەم ڕاگەیاندنە، شەپۆڵێکی توڕەیی ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی هەرێمی لێکەوتەوە، کە چۆن لە دوای ٢٠٠٣ وە ئەو دوژمنە داڵدەدراوە؟
حەبووش، یەکێک بوو لە گەورەترین مەتەڵە ئەمنییەکانی عێراق و جیهان. پیاوێک کە وێنەکەی لەسەر "کارتی کۆنکانی ژمارە ١٤"ی داواکراوەکانی ئەمریکا بوو، دواجار لە هەولێر کۆچی دوایی کرد و بە پرسەیەکی ئاشکرا لە مزگەوتی جەلیل خەیات، پەردە لەسەر ژیانە نهێنییەکەی لادرا.
ئەم پەردە لادانە، لە لایەن هاوڕێ و قوتابییەکی گوێڕاڵی خۆی، ( سالم ئەلجومەیلی) هاوعەشیرەتی خۆی و بەرپرسی دیسکی ئەمریکا لە هەواڵگری سەردەمی بەعس ئاشکرا کرا..
سالم جومەیلی، ئێستا لە عەممان نێشتەجێیە، لە؟حوزەیرانی ٢٠٢٣ بیرەوەرییەکانی خۆی و نهێنییەکانی هەواڵگری عێراقی لە کتێبکدا چاپکرد، من ئەو کات بە عەرەبی خوێندمەوەو لە ئێستاشدا بە وەرگێرانی کوردی بەردەستە.
ئەم ڕووداوە چەندین پرسیار دەربارەی "ڕیالپۆلیتیک" سیاسەتی واقیعی، بەرژەوەندییە ئەمنییەکان دەوروژێنێت. بۆچوونێک هەیە کە پەنادانی حەبووش لەلایەن سەرکردایەتی کورد و پارتییەوە تەنها هەنگاوێکی مرۆیی نەبووە، بەڵکو ستراتیژییەتێکی قووڵ بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی "بانکێکی گەورەی زانیاری" و ڕێگریکردن لە کەوتنی ئەو زانیارییانە بۆ دەستی لایەنە نەیارەکان لە بەغدا و تاران.
بەڵام قوتابییە زیرەکەکەی حەبووش، سالم جومەیلی وەسفی حەبووش دەکات وەک "عەقڵێکی مودەبڕ" و گومانیشی لێدەکات، کە پەیوەندی لەگەڵ هەواڵگری ئەمریکا هەبووە، بەر لەجەنگی ئازادی عێراق!
بەڵام هەریەک لە فازڵ وجومەیلی و ڕائید جومەیلی، هاوپیشە و خزمانیان بە توندی ئەو تۆمەتەیان ڕەتکردۆتەوە.
ئەوان دەڵێن: حەبوش پیاوێکی تەکنۆکرات بوو، هەوڵیدا پێش ٢٠٠٣ ڕێگری لە شەڕ بکات لە ڕێگەی کردنەوەی کەناڵی نهێنی لەگەڵ واشنتۆن.
جومەیلی خۆشی، کە ئێستا وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی لە میدیا عەرەبییەکاندا دەردەکەوێت، بەشێکە لەو نەوەیەی ئەفسەرانی عەشیرەتی "ئەلجومەیلە" کە جومگە هەستیارەکانی ئەمنی بەغدایان بەدەستەوە بوو. گومانی گەمەی "ژێر بە ژێر"ی لەگەڵ CIA هەبووە.
دیارنەمانی حەبووش بۆ ٢٣ ساڵ و نەگیرانی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان، کە هەژموونی CIAی تێدایە، دەکرێ وەک ئاماژەیەکی بەهێز بیبینین بۆ بوونی "ڕێککەوتنی شاراوە بێدەنگ".
ئەگەر رۆژنامەنووسان، کتێبەکەی سالم ئەلجومەیلی ـیان پێشووتر بخوێندبایەوە، هەرگیز نەدەکەوتنە هەڵەوە.
چونکە حەبووش، بە زیرەکترین عەقلی مێژووی هەواڵگری دادەنرێت و حەتمەن قوتابییەکانی لەو ڕێوی ترن.
حەبووش و سالم جومەیلی و خزمەکانیان، توانیان بمێننەوەو ئەوەی کە خۆی لە کتێبەکەدا باسی دەکات "کارتە یەدەگەکانیان" بەکاربهێنن؛ زانیاری و ئەرشیفی گرنگ لە بەرامبەر پاراستنی ژیان ببەخشن، ئەمەشی ناولێناوە "گەمەی کلاسیکی هەواڵگری کە تێیدا "دوژمنەکانی دوێنێ" دەبنە "سەرچاوە بێدەنگەکانی ئەمڕۆ".
مردنی حەبووش لە هەولێر، کۆتایی بە ژیانی یەکێک لە کاریگەرترین پیاوەکانی سەردەمی بەعس هێنا، بەڵام دەرگای بە ڕووی دەیان پرسیاری تردا کردەوە:
ئایا چی لەو نهێنییانە هات کە حەبووش لەگەڵ خۆی هەڵیگرتبوون؟
ئایا هەوڵێر چەند بەرپرسی تری لەو شێوەیەی لە ئامێز گرتووە؟
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە مێژووی عێراق لە پشت پەردەکانەوە زۆر جیاوازتر نووسراوەتەوە لەوەی لە کتێبە فەرمییەکاندا دەیبینین.
ڕۆژنامەنووس ڕۆن سوسکایند ) کە هەڵگری خەڵاتی پوڵیتزەرە، لە ساڵی ٢٠٠٨دا کتێبێکی مشتومڕاویی بەناوی "The Way of the World" بڵاوکردەوە.
ئەم کتێبە وەک بۆمبێکی هەواڵگری تەقییەوە، هەتا بەشی توێژینەوەو دیراساتی ئێستای هەواڵگری عێراقی بە کتێب وەڵامی دایەوە، چونکە باس لە پەیوەندییەکی نهێنی و نایاسایی دەکات لە نێوان CIA و تاهیر جەلیل حەبووش.
سوسکایندی ڕۆژنامەنووسی بنکۆڵکار، لە کتێبەکەیدا دەڵێت؛
حەبووش وەک "سیخوڕێکی بەنرخ"ی ئەمریکا هەژمارکراوە، هەروەها ئاشکرای دەکات؛
تاهیر جەلیل حەبووش پێش دەستپێکردنی شەڕی ٢٠٠٣، لە ڕێگەی دەزگای هەواڵگریی ئوردنەوە پەیوەندی بە CIAوە کردووە. بەپێی کتێبەکە، حەبووش لە لەندەن چاوی بە بەرپرسانی باڵای CIA کەوتووە و زانیاریی زۆری پێداون. جگە لەمەش ویستوێتی رازیان بکات جەنگ بەرپانەکەن و بە لێکتێگەیشن سیستمەکە بگۆڕن.
هاوکات نامەیەکیشی نوسیوە، کە عێراق هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژی نییە.
سوپای ئەمریکا، دوای ئازادکردنی عێراق، بڕی یەک ملیۆن دۆلاریان تەرخانکرد، بۆ هەر کەسێک شوێنی حەبووش ئاشکرا بکات.
بەڵام هەر ئەو کاتە ئەمریکیەکان حەبووشیان لابوو، پێنج ملیۆن دۆلاریشیان پێدا و بە چاودێری و پاسەوانی تەواو، ناردیان بۆ پەناگەیەکی ئارام و ئەمین( دواتر زانرا کە کوردستانە).
دواتر ئەمریکیەکان، روونیانکردەوە، کە حەبووش تەنها ئەفسەرێکی ئاسایی نییە، ئەو سندوقی ڕەشی دەزگای هەواڵگری عێراقی بووە. پەنادانی ئەو جۆرە کەسانە سوودێکی گەورەی هەواڵگریی بۆ هەرێم دەبێت، چونکە زانیاریی وردی لەسەر شانە نەیارەکان و سیخوڕەکانی بەعس لە ناوچەکەدا هەبوو.
وردەکاریی پەیوەندییەکانی وڵاتانی دراوسێی لەگەڵ عێراق دەزانی و توانراوە وەک سەرچاوەیەک بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلانە ئەمنییەکان سوودی لێ ببینرێت.
جیهانی هەواڵگری، تەمومژی زۆری تێدایە، ئەگینا مەعقول نییە، ئەمریکا، سەدام و تەواوی سەرکردە بەعسییە ئەمنیی و سیاسیی و سەربازییەکان لە ناو ببات، بەڵام حەبووش و قوتابییە گوێڕایەڵەکانی تا ئێستاش بە بێدەنگی بۆی دەرچن و بمێنن.
جیهانی هەواڵگری، لە ئاوازی بێدەنگی دەچێت، هەموو شتێک بەچاو نابینرێت، تا ڕۆژی نەیەت.
دەکرێ ئەو گریمانەش ڕاستبێت: کە هەندێک جار دەزگا هەواڵگرییەکان نەیارە زیرەکەکانیان دەستگیر ناکەن یان ناکوژن، بەڵکو بە دوور و بە بێدەنگی دەیانپارێزن تا لە کاتی پێویستدا وەک "سەرچاوەی زانیاری" یان "ناوبژیوان" بۆ تێگەیشتن لە گرووپە نەیارەکان سوودیان لێ ببینن.
ئیتر حەبووش کۆتایی هات و نۆرەی تری بە دواوەیە...