دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

نەخشەڕێگاکەی زەریف بۆ واشنتن؛ ئاشتی لەبەرامبەر دانپێدانان بە "ئێرانی نوێ"

هەرێم نیوز

لە کاتێکدا دەنگی تەقینەوە و بۆردومانەکان لە ئاسمانی تاران و ئیسفەهان نەوەستاون، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، لە ڕێگەی گۆڤاری "فۆرین ئەفێرز"ەوە پەیامێکی سیاسیی قورسی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد.

 

زەریف لە وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە ٤٧ ساڵ لە دوژمنایەتی نێوان تاران و واشنتن بهێنرێت، بەڵام بە مەرجێک کە ئەمریکا دان بە ڕاستییە نوێیەکانی ناوچەکەدا بنێت.

مەرجی یەکەم: گۆڕینەوەی ئەتۆم بە ئابووری

زەریف پێشنیارێکی کۆن بە بەرگێکی نوێوە دەخاتە ڕوو؛ ئەو دەڵێت ئێران ئامادەیە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خوار %٣.٦٧ دابەزێنێت و هەموو دامەزراوەکانی بخاتە ژێر چاودێریی توندی نێودەوڵەتییەوە. لە بەرامبەردا، داوا دەکات نەک تەنها سزاکان هەڵبگیرێن، بەڵکو ئەمریکا ڕێگرییەکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێران لە گەرووی هورمز کۆتایی پێ بهێنێت و ڕێگە بدات تاران ببێتە بەشێکی کارا لە زنجیرەی دابینکردنی وزەی جیهانی.

پەیمانی پەلامارنەدانی یەکتر و قەرەبووی جەنگ

یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی وتارەکەی زەریف، داواکاریی واژۆکردنی پەیماننامەیەکی فەرمییە بۆ "پەلامارنەدانی یەکتر". زەریف دەڵێت دەبێت هەردوولا بەڵێن بدەن هێز دژی یەکتر بەکارنەهێنن و ناوی یەکتر لە لیستی تیرۆر بسڕنەوە.

جگە لەوەش، داوا دەکات واشنتن تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وێرانکارییانە بگرێتە ئەستۆ کە لە جەنگی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا بەر ژێرخانی ئێران کەوتوون، ئەمەش خاڵێکە کە پێشبینی دەکرێت لە ناوخۆی ئەمریکا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر ببێتەوە.

ئاسایشی ناوچەیی بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی

 
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران پەیامێکی ڕوونی بۆ وڵاتانی کەنداویش پێیە؛ ئەو پێی وایە جەنگی ئێستا سەلماندی کە کڕینی ئاسایش لە ئەمریکا "ستراتیژییەکی دۆڕاوە".

زەریف داوا دەکات سیستمێکی ئاسایشی ناوچەیی بە بەشداریی ئێران، عێراق، سعودیە و وڵاتانی تری کەنداو دروست بکرێت، کە تێیدا پاراستنی کەشتیڕانی و ئاسایشی ناوچەکە تەنها لە ئەستۆی وڵاتانی ناوچەکە خۆیاندا بێت، نەک هێزە بیانییەکان.

بنبەستی دیپلۆماسی و بژاردەی ئاشتی

زەریف لە وتارەکەیدا هۆشداری دەدات کە بەردەوامبوونی شەڕ تەنها وێرانکاریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و نابێتە هۆی ڕووخانی حکومەتی ئێران، چونکە بە گوتەی ئەو "بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران ئەوەندە بڵاون کە بە بۆردومان لەناو ناچن".

ئەو داوا لە ئیدارەی ترامپ دەکات کە ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی "هەڵە گەورەکەی" بگۆڕێت بۆ سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ ئاشتی، ئەگەرنا ناوچەکە بەرەو جەنگێکی جیهانیی ماڵوێنکەر هەنگاو دەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP