دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

کێشەی قووڵی ناتۆ؛ ترەمپ هەڕەشەی کشانەوە لە ناتۆ دەکات و ئەوروپا دەرگاکانی دادەخات

هەرێم نیوز

گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بووەتە هۆی دروستبوونی گەورەترین کێشەی دیپلۆماسی لە مێژووی ناتۆدا، بە جۆرێک کە ئێستا ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە لەبەردەم جیدیترین هەڕەشەی هەڵوەشانەوەدایە.

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەڕەشەی کشانەوەی یەکجاری لە هاوپەیمانییەکە دەکات، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ڕانەکێشرێتە ناو جەنگێکی نوێوە لەگەڵ ئێران.

جیاوازیی بیروڕا لە نێوان واشنتن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەی سەربازی لەگەڵ تاران، ناتۆی خستووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. ئەم ململانێیە کاتێک قووڵتر بووەوە کە وڵاتانی ئەوروپا ئامادە نەبوون هاوکاری سەربازیی ئەمریکا بکەن، ئەمەش کاردانەوەی توندی کۆشکی سپی لێکەوتەوە.

ترەمپ ناتۆ بە "پڵنگی کارتۆنی" ناو دەبات

دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا کە لە ڕۆژنامەی تێلیگراف بڵاوکراوەتەوە، بە توندی ڕەخنەی لە هاوپەیمانەکانی گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ ئێستا بووەتە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە.

ترەمپ ناتۆی بە «پڵنگێکی کارتۆنی» ناوبرد و وتی تەنانەت پۆتینیش بە لاوازیی ئەم هاوپەیمانییەی زانیوە.

سەرۆکی ئەمریکا بە نائومێدییەوە باسی لەوە کرد کە ئەوروپا تەنها لە کاتی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا داوای هاوکاری دەکات.

 ئاماژەی بەوە دا کە کێشەی ئۆکرانیا پەیوەندی بە ئەمریکاوە نەبووە بەڵام ئەوان لەوێ بوون بۆ هاوکاری، کەچی ئێستا کە نۆرەی ئەمریکایە، ئەوروپییەکان ئامادە نین ناوکەشتییەکانیان بنێرن و هاوکار بن.

ستارمر: ئەمە شەڕی ئێمە نییە

لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، کیەر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە پەیامێکی ڕاشکاودا هەوڵیدا دووریی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی واشنتن بپارێزێت.

ستامرە بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە جەنگی ئێران شەڕی وڵاتەکەی ئەو نییە و بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادات بەریتانیا ڕابکێشرێتە ناو ململانێیەکی لەو شێوەیەوە.

ستارمر جەختی لەوە کردەوە کە تەنها لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بەریتانیا بڕیار دەدات و هیچ گوشارێکی دەرەکی کار لەسەر ستراتیژییەتەکانیان ناکات.

ستارمەر باسی لە پلانێکی پێنج خاڵی کرد و ڕایگەیاند کە بەریتانیا میوانداری کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ تاوتێکردنی ڕێگەچارە سیاسی و دیپلۆماسییەکان.

یاخیبوونی وڵاتانی ئەوروپا لە پاریسەوە تا مەدرید

ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە تەنها لەندەنی نەگرتووەتەوە، بەڵکو فەڕەنسا بۆ یەکەمجار ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکە ئەمریکییانەدا داخست کە چەک و تەقەمەنییان بۆ ناوچەکە دەگواستەوە.

ئەم هەنگاوەی پاریس کاردانەوەی توندی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە هەموو کڕینە بەرگرییەکانی لە فەڕەنسا ڕاگرت.

هاوکات ئیتاڵیاش ڕێگری کرد لەوەی فڕۆکە بۆمبهاوێژە ئەمریکییەکان بنکە سەربازییەکانی سیسیل بەکاربهێنن.

حکومەتی ئیسپانیاش توندترین هەڵوێستی وەرگرت و په‌دڕۆ سانچێز جەختی کردەوە کە بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی تەنها بۆ «بەرگری بەکۆمەڵی ناتۆ»ن، نەک بۆ تێوەگلان لە جەنگە ناوچەییەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی ئەوروپا.

داهاتووی ناتۆ لە بەرزەخدا

تەنانەت لە ئەڵمانیاش کە گرنگترین بنکەی سەربازیی ئەمریکای لێیە، دۆخەکە ئارام نییە و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ئەم جەنگەی بە نایاسایی ناوبردووە.

ئێستا ناتۆ لە دۆخێکی ئیفلیجیی پێکهاتەییدایە و ئەو پەیماننامەیەی بۆ بەرگریی هاوبەش دروستکرابوو، لەبەردەم هەڕەشەی پارچەپارچەبووندایە.

لە کاتێکدا ترەمپ بەرەو دوورکەوتنەوەی زیاتر لە ئەوروپا هەنگاو دەنێت، سەرکردە ئەوروپییەکانیش لە نێوان ترسی لێکەوتەکانی تووڕەیی واشنتن و دڵەڕاوکێی تێوەگلان لە جەنگێکی وێرانکەردا سەرگەردانن.

چاوەکانیش لەسەر دیدارەکانی کۆتایی مانگی نیسانن لە واشنتن کە ڕەنگە دوا هەل بن بۆ چاککردنەوەی ئەم درزە مێژووییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP