هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا، هۆشداری دەداتە کۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە چەکدارەکانی عێراق و ڕایدەگەیەنێت، خوێنی شەهیدانیان بەفیڕۆ ناچێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شەوی ڕابردوو ٦ی نیسانی ٢٠٢٦، زنجیرەیەک هێرشی درۆنی ئەنجامدراون:
• لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین: دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لەلایەن "گروپە لەیاسادەرچووەکانەوە" ئاراستە کرابوون، بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەیان کردووەتە ئامانج.
• لە سنووری هەولێر: سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە "لە ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، ماڵی پێشمەرگەیەک بە ناوی (موسا ئەنوەر)یان پێکاوە، کە بەهۆیەوە ناوبراو و هاوسەرەکەی شەهید بوون.
وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاشکاو بەرپرسیارێتی ئەم بۆردومانانە دەخاتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە چەکدارە "لەیاسادەرچووەکانی" ناو عێراق. ڕاگەیەندراوەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەمە بەردەوامی ئەو زنجیرە هێرشانەیە کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە و ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێم.
وەزارەتەکە داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات، ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و چیتر ڕێگە نەدات ئەم هێرشانە دووبارە ببنەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید (موسا ئەنوەر) و هاوسەرەکەی کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە بێدەنگ نابن لە ئاست ڕشتنی خوێنی پێشمەرگە و هاووڵاتییان.