هەرێم نیوز
بارزانی لە پەیامێکی تونددا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی شەوی ڕابردوو بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر، بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل بە "ئەوپەڕی تاوانکاری و زوڵم" ناو دەبات.
بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە شەهیدبوونی دوو هاووڵاتی بێتاوان کردووە لە گوندی "زەرگەزەوی" و ڕایگەیاندووە: "ئەم هاووڵاتیانە بە بێ هیچ پاساوێک کراونەتە ئامانجی ڕقێکی کوێرانە، ئەمە کارێکی دوور لە شەهامەت و سەربەرزییە."
لە پەیامەکەدا بە ڕاشکاوی ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو دوو هاووڵاتییە "بەهۆی درۆنی ئێرانییەوە" شەهید کراون. بارزانی جەختی کردەوە کە شەهیدکردنی خەڵکی بێتاوان دڵی هەمووانی پڕ لە ژان و خەم کردووە، هاوکات سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد.
بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لە ئیرادەی گەلی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند:
• ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە.
• ئەم جۆرە هێرشانە هەرگیز ئیرادەی گەلەکەمان ناشکێنن.
• گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە.