هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە شەوی پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، لە چەند کاتێکی جیاوازدا چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی وەزارەت، سەرجەم ئەو درۆنە هێرشبەرانە لەلایەن سیستەمە بەرگرییەکانەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و پێش پێکانی ئامانجەکانیان تێکشکێندراون و کەوتوونەتە خوارەوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە هاووڵاتییان چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و جێبەجێکردنی ئاگربەستی ڕاگەیەندراوی ناوچەکەیان دەکرد، بەڵام تێکدەران بەردەوامن لە نانەوەی پشێوی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە لە سەرەتاوە هەڵوێستی پاڵپشتیکردن بووە لە ئاشتی و سەقامگیری و بە هیچ شێوەیەک بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە ئەو هێرشانە ڕابگرن و چیتر ئارامی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکەنە ئامانجی ململانێکان.