هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی باڵیۆزی عێراقی لە واشنتن بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکی توند و هۆشدارییەکی یەکلاکەرەوەی پێبگەیەنێت سەبارەت بە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە توندە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.
لە میانی بانگهێشتکردنەکەدا، کریستۆڤەر لاندۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕووبەڕوو بە نزار خەیروڵڵا، باڵیۆزی عێراقی ڕاگەیاندووە کە واشنتن چاوەڕوانە حکومەتی بەغداد دەستبەجێ هەنگاوی کرداری بنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیایانەی نزیکن لە ئێرانەوە.
بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا پەیامێکی ڕوونی داوەتە عێراق و جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی تەحەمول ناکات.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، لاندۆ ڕەخنەی توندی لە خودی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق گرتووە و ڕایگەیاندووە کە هەندێک لایەن لە ناو حکومەتدا پاڵپشتی سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو گروپە چەکدارانە دابین دەکەن.
لە کۆتاییدا، ئەمریکا هۆشداری داوە کە بەردەوامیی ئەم دۆخە و کۆنتڕۆڵنەکردنی ئەو گروپانە، زیانێکی گەورە و ستراتیژی بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغداد دەگەیەنێت.