هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، کە تا کاتی لەناوبردنی تەواوەتیی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران شەڕ بەردەوام دەبێت، هاوکات پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دەردەبڕێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦، بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی بەتەواوی دڵنیا دەبنەوە لە لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەو وڵاتە.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئیسرائیل بەتەواوی پشتیوانی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و ڕێگریکردن لە هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ ناو بەندەرەکانی ئێران.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە بەرەی لوبنان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، کە لە ناوخۆی لوبناندا ناوچەیەکی ئەمنیی پتەو و قووڵ دروست دەکەن، و سەرجەم ئەو گوند و ناوچانەش کە حزبوڵڵای لوبنانی دەستی بەسەردا گرتوون، کۆنتڕۆڵیان دەکەن و لەناوی دەبەن.