هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە هێزی دەریایی ئێران بەتەواوی لەناو براوە و 158 کەشتییان کەوتوونەتە بنی دەریاوە، هاوکات هۆشدارییەکی توندیش دەداتە بەلەمە هێرشبەرە خێراکانی ئەو وڵاتە کە لە گەمارۆکەیان نزیک نەبنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی 4ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، کە هێزی دەریایی ئێران بەتەواوی خاپوور کراوە و لە ئێستادا 158 کەشتییان لە بنی دەریادان.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تاکە شتێک کە هێزەکانیان نەیانپێکاوە، ژمارەیەکی کەمە لەو بەلەمانەی کە پێیان دەگوترێت "بەلەمی هێرشبەری خێرا"، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئەمریکا وەک هەڕەشەیەکی گەورە سەیری نەکردوون.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی داوە و ڕایگەیاندووە: "ئەگەر هەر یەکێک لەم بەلەمانە لە گەمارۆکەی ئێمە نزیک ببێتەوە، دەستبەجێ لەناو دەبرێت."
ڕوونیشی کردووەتەوە کە بۆ ئەو کارە، هەمان ئەو سیستەمە کوشندەیە بەکاردەهێنن کە دژی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر دەریا بەکاری دەهێنن، کە بە گوتەی خۆی پرۆسەیەکی "خێرا و دڕندانە" دەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ وەک تێبینییەک ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ڕێکارە دەریاییەکانیان سەرکەوتوو بووە و لە 98.2%ـی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە پێشتر لە ڕێگەی زەریا یان دەریاوە دەهاتنە ناو ئەمریکا، لە ئێستادا بەتەواوی وەستاون.