هەرێم نیوز
سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، کە لە گەورەترین هێرشیاندا بۆ سەر لوبنان، زیاتر لە ٢٥٠ چەکدار و فەرماندەی حزبوڵڵایان کوشتووە، هاوکات بۆ یەکەمین جاریش ناوی ژمارەیەک لەو فەرماندە باڵایانە ئاشکرا دەکات کە لە هێرشەکەدا کوژراون.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە دوای بەدواداچوونی بەردەوامی هەواڵگرییان بۆ ئەو هێرشە گەورەیەی کە لە ٨ی نیسانی ئەمساڵدا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ( نەڕەی شێر) کردیانە سەر لوبنان، ئێستا پشتڕاستی دەکەنەوە کە زیاتر لە ٢٥٠ چەکدار و فەرماندەی حزبوڵڵا لە بەیروت، دۆڵی بیقاع و باشووری لوبنان کوژراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو هێرشانە گورزێکی ورد و گەورە بوون کە لە ژێرخانی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی حزبوڵڵا دراون.
سوپای ئیسرائیل بۆ یەکەمین جار ناوی بەشێک لەو فەرماندە باڵایانە ئاشکرا دەکات کە لەو هێرشەدا کوژراون، کە بەرپرس بوون لە سەرپەرشتیکردنی سیستمە ئۆپەراسیۆنییە سەرەکییەکانی حزبوڵڵا، بەتایبەتی لە بوارەکانی هێزی ئاگرین، هەواڵگری و توانای بەرگری:
حەسەن مستەفا ناسر: فەرماندەی بارەگای پشتیوانیی لۆجستیی حزبوڵڵا، کە بەرپرس بووە لە قاچاخچێتی و کۆگاکردنی چەک لە لوبنان، و کەسایەتییەکی ناوەندی بووە لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی هێزەکانی ئەو گرووپە لە باشووری لوبنان.
عەلی قاسم، ئەبوو عەلی عەباس، و عەلی حیجازی: فەرماندە باڵاکان لە یەکەی هەواڵگریی حزبوڵڵا، کە بەرپرس بوون لە کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەسەر ئیسرائیل، لەنێویاندا پەرەپێدانی بانکی ئامانجەکان بۆ هێرشکردن و کۆکردنەوەی زانیاری.
ئەبوو محەممەد حەبیب: جێگری فەرماندەی یەکەی مووشەکیی حزبوڵڵا. بە درێژایی جەنگەکە، و بەتایبەتی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی (تیرەکانی باکوور)، بەشدار بووە لە هەڵدانی مووشەک بەرەو ئیسرائیل. حەبیب لەم دواییانەدا سەرپەرشتیی هەوڵەکانی بونیادنانی هێزی لەناو یەکەی مووشەکیدا دەکرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە شانبەشانی ئەو فەرماندە باڵایانە، سوپای ئیسرائیل چەندین ئەندامی دیکەی حزبوڵڵاشی کوشتووە کە بەرپرس بوون لە توانا بەرگرییەکان و تۆپخانەکان لەناو یەکە جیاوازەکانی ئەو گرووپەدا.
لە کۆتاییدا سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی ئەو هێرشە هێشتا بەردەوامە و چەکداری دیکەی حزبوڵڵاش دەستنیشان دەکرێن، هاوکات هۆشداریشی داوە کە بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی توانا سەربازییەکانی ئەو گرووپە.