هەرێم نیوز
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، تەواوی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە هەبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان پارتەکەی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و ڕایدەگەیەنێت: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان یاسایی نییە."
د. شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی لە ئارادا نییە و وتی: "ئەگەر لێکتێگەیشتن هەبوایە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە نەدەکرا."
ئەم لێدوانە توندەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کاتێکدایە، کە نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی لە گەڕی یەکەمدا نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ بوون بە سەرۆککۆمار بەدەستبهێنێت و ئێستا لە گەڕی دووەمدا کێبڕکێ لەگەڵ موسەنا ئەمین، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی دەکات.