هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی پارەدانی کارەبا لە ڕێگەی سەکۆی دیجیتاڵییەوە دووبارە بەردەستە و زانیاریی هاوبەشانیش گواستراوەتەوە بۆ سەر سیستەمێکی نوێ و پێشکەوتوو.
گواستنەوە بۆ سیستەمی نوێ:
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد کە دوای تەواوبوونی پەرەپێدانەکان و گواستنەوەی زانیاریی هاوبەشانی نوێ بۆ ناو "سیستەمی نوێی پسوولەکردن"، ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی سەکۆی (ئی-پسوولە) پارەی کارەباکانیان بدەن.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە "پڕۆژەی ڕووناکی" کە ئامانج لێی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و یەکخستنی پرۆسەی پسوولەکردنە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا، تاوەکو بە شێوەیەکی شەفاف و خێرا مامەڵەکان ئەنجام بدرێن.
پڕۆژەی ئی-پسوولە، کە لە مانگی شوباتی ڕابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقیشەوە پەسەند کراوە. ئەم سیستەمە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات بەبێ چوونە بانک و فەرمانگەکان، بە شێوەی دیجیتاڵی تێچووی کارەباکانیان بدەن.
وەزارەتی کارەبا داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ زانیاری زیاتر و ئەنجامدانی پارەدان، سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی (epsule.gov.krd) بکەن.