دواین هەواڵ

ئابوری‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: پارەی مووچە خرایە سەر هەژمارەکەمان بەڵام بەغدا زیاتر لە ٢١ ملیار دیناری بڕیوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە پارەی مووچەی مانگی ئادار خرایە سەر هەژمارەکەیان و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە بەغدا زیاتر لە ٢١ ملیار دیناری مووچەی خانەنشینانی نەناردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە بڕی ٩٥٧ ملیار و ١٢٢ ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئازار (٣)ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی دەوامی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراقدا چووەتە سەر هەژمارەکەیان، پرۆسەی وەرگرتنی نەختینەیی پارەکە لە لقی هەولێری بانکەکە دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، و ڕاستەوخۆ لە هەمان ڕۆژدا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەی جیاوازدا کە هەر ئەمڕۆ بڵاویکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای کردووە، کە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئازار، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بڕی ٢١ ملیار و ٤٠٧ ملیۆن و ٥٩٥ هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەکە نەناردووە.

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە، بریتییە لە شایستەی دارایی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازیی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP