دواین هەواڵ

ئابوری‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 3ـی هەرێمی کوردستانی دا

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا و چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، واژۆی لەسەر نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار (٣)ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە، سەرجەم ڕێکارە یاسایی و داراییەکانی خەرجکردنی مووچەکە لە ناو وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بوون، و بڕیارە هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم و لقی هەولێری بانکی ناوەندی ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بانکی ناوەندی تاوەکوو کاتژمێر ٠١:٠٠ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەوام دەکات، بەڵام تاوەکوو ئێستا نووسراوی فەرمیی خەرجکردنی پارەکە نەگەیشتووەتە بانکەکە.

لە لایەکی دیکەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو بکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP