هەرێم نیوز
لە ڕووداوێکی بێپێشینەدا لە مێژووی حكوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی لادا و ڕایگەیاند، پێشنیازی بەرتیلێکی خەیاڵیی پێشکەش کراوە لە پێناو داخستنی دۆسیەیەکی گەندەڵی لە نێو وەزارەتی نەوتدا.
ئاشکراکردنی بەڵگەکان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ میدیاکان
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، ئەو ڕۆژنامەنووس و دەزگایانەی ڕاگەیاندن کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە، ئاشکرایان کردووە کە زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا بە ڕاشکاوی گوتوویەتی: "بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوت لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە، بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەک بەرتیل خستووەتە بەردەمم تەنها بۆ ئەوەی چاوپۆشی لە دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی ناو وەزارەتەکە بکەم و دۆسیەکە دابخەم."
زۆربەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون پێیان وایە، مەبەستی سەرۆک وەزیران لەو بەرپرسە باڵایە، عەدنان جومەیلی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و یاریدەدەری وەزیری نەوت بووە، کە دواجار ئێوارەی ڕۆژی هەینی بە فەرمی دەستگیرکرا. بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیش، جومەیلی لە سەرەتای مانگی ئایاری ڕابردوودا لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە.
شەپۆلی دەستگیرکردنی بەرپرسان
لێکەوتەکانی ئەم دۆسیەیە تەنها لەم ئاستەدا نەوەستاونەتەوە؛ دوێنێ یەکشەممە، سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی عێراق ئاشکرایان کرد کە هێزێکی تایبەتی هەواڵگری، بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکووریشیان دەستگیرکردووە.
هاوکات سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەپۆلی دەستگیرکردنەکان کارمەندێکی سکرتاریەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی فیدراڵیشی گرتووەتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دۆسیەکە لێکەوتەی گەورەتری سیاسیی لێدەکەوێتەوە و حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم دۆسیەیەوە جۆرێک لە توندکردنی چاودێری نیشان بدات.