دواین هەواڵ

عێراق‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

سێ وڵاتی دراوسێ داوا لە بەغدا دەکەن گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە سنوورییەکان دووربخاتەوە

هەرێم نیوز

سەرچاوە فەرمییەکانی عێراق پەردەیان لەسەر فشارێکی نوێی نێودەوڵەتی و هەرێمی لادا و ڕایانگەیاند، سێ وڵاتی دراوسێی عێراق لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییە فەرمییەکانەوە بە فەرمی داوایان لە بەغدا کردووە گرووپە چەکدار و میلیشیاکان لە ناوچە سنوورییەکان دووربخاتەوە، بەهۆی تێوەگلانیان لە ئەنجامدانی هێرشی درۆنی بۆ سەر خاکەکەیان.

هێرشەکان لە بەسرە، ئەنبار و سەماوەوە دەکرێن
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "العربي الجديد"، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاشکرای کردووە، لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان دەریانخستووە کە نێزیکبوونەوەی ئەم گرووپە چەکدارانە لە هێڵی سنووری، توانای زیاتریان پێدەبەخشێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی درۆنیی مەودا کورت و مامناوەند. بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەو هێرشە سنووربەزێنانەی دەکرێنە سەر وڵاتانی دراوسێ، ڕێک لە ناوچەکانی بەسرە، بیابانی سەماوە و پارێزگای ئەنبار لە باشوور و ڕۆژئاوای عێراقەوە ئاڕاستە دەکرێن.

ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حكوومەتی عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی داڕشتنی پڕۆسەیەکی فرەکایەیە بۆ ڕێکخستنەوەی جێگیرکردنی ئەو گرووپانە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ نیگەرانییە توندەکانی وڵاتانی دراوسێ و بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

پلانەکە: جێگیرکردنی سوپا و پاسەوانی سنوور
سەرچاوە ئەمنییەکان نەخشەڕێگای نوێی بەغدایان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە خستووەتە ڕوو، کە بریتییە لە جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و یەکەکانی سوپای فیدراڵ بە درێژایی پشتێنەی سنووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هاوكات قەدەغەکردنی هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازیی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت لەو ناوچانەدا.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەم زانیارییانەی پشتڕاستکردووەتەوە و ئاستەنگەکانی بەردەم حكوومەتی خستووەتە ڕوو، و ڕایگەیاندووە: "کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە هەندێک لەم گرووپە چەکدارە توندڕەوانە بە هیچ شێوەیەک هاوکار نین لەگەڵ بڕیارەکانی دەوڵەتدا، و تەنانەت تاوەکو ئێستا ئامادە نین لەو ناوچە سنوورییە هەستیارانە بکشێنەوە"، ئەمەش حكوومەتی بەغدا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی سەپاندنی یاسادا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP