هەرێم نیوز
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن، بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی پێوەست بە پاڵاوگەی بێجی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی 5ـی 2026، عەدنان حەمەد حەموود ناسراو بە "عەدنان جومەیلی"، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و پاڵاوگەی بێجی، لە لایەن هێزێکی تایبەتەوە و بە هاوڕێیەتی تیمی دەستەی دەستپاکی لە ناوچەی (ئیسحاقی) لە پارێزگای سەلاحەددین دەستبەسەر کرا.
ئەم پڕۆسەی دەستبەسەرکردنە دوای چەند کاتژمێرێک لە دەرچوونی فەرمانێکی فەرمیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دێت، کە تێیدا بڕیاری دابوو لێژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کارا بکرێتەوە و پێداچوونەوەی ورد بۆ سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەتی پێشوو بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، مستەفا سەند، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق، کە وەک نەیارێکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەناسرێت، هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی نەوتی پشتڕاست کردووەتەوە، و ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو تۆمەتبارە بە بەهەدەردانی دارایی گشتی، دابینکردنی سەرمایە بۆ لایەنە حزبییەکان، و بوونی پێوەندی بە دۆسیەی هێرشکردنە سەر پاڵاوگەی بێجی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.