هەرێم نیوز
سەردار عەبدوڵا، سیاسەتمەداری ناسراوی کورد لە پەیامێکی بەپەلە و هۆشداریدا ئاراستەی هاو نیشتمانیان و تەواوی کوردانی وشیاری جیهان ڕایگەیاند، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پیلانێکی یەکجار مەترسیدار و ترسناکی دژ بە نەتەوەی کورد و بەتایبەتیش قەوارەی هەرێمی کوردستان بەدەستەوەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ـی ٥ـی ٢٠٢٦، سەردار عەبدوڵا لە پەیامێکدا کە بە دروشمی خەبات و بەرخۆدان دەستی پێکردووە، ئاشکرای کرد کە لایەنی ئێرانی بۆ سەرخستنی ئەم ئەجێندایە، بەنیازی ئەنجامدانی گەلەکۆمەیەکی گەورەی هەرێمی و نێودەوڵەتییە تاوەکو لەو ڕێگەیەوە بتوانێت لانیکەم شەرعییەتی دەرەکی و بەتایبەتییش شەرعییەتی ئیسلامی بە پیلانە نوێیەکەیان دژ بە گەلی کورد بدات.
ئەم سیاسەتمەدارە لە درێژەی پەیامەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی تاران و ڕایگەیاند کە ئەم داگیرکەرە هەموو کوردێک بەبێ جیاوازی بە دوژمنی خۆی دەزانێت و کوردی باش و جاش لێک ناکاتەوە، و تێکۆشەرانی ڕاستەقینە و کەسانی زەلیلی بەردەم دوژمن لای ئەو هیچ جیاوازییەکیان نییە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە نیشتمانپەروەر و نیشتمانفرۆش لای داگیرکەران تەنیا یەک جیاوازییان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە داگیرکەر لە کەسی نیشتمانپەروەر دەترسێت و بە گەورەی دەزانێت، لە کاتێکدا هەمیشە بە چاوی سوک و بێ نرخەوە تەماشای نیشتمانفرۆشان دەکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەردار عەبدوڵا بەڵێنی دا کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا تەواوی ڕەهەندەکانی ئەم پیلانە ترسناکە و هەوڵەکانی ئەو گەلەکۆمەیە بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە بۆ ڕای گشتی دەخاتە ڕوو، و داوای لە سەرجەم هاوڵاتیان کرد کە بە وشیاری و ئازایەتییەکی تەواوەوە چاوەڕوان بن و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەم مەترسییە گەورەیە ئامادە بکەن.