هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئیدانەی کردنە ئامانجی دەوڵەتی کوەیت بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات، بەبێ ئەوەی لە بەیاننامەکەیدا ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بهێنێت.
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی 5ـی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەغدا سەرکۆنەی کردنە ئامانجی کوەیت دەکات و جەخت لە ڕەتکردنەوەی سەرجەم ئەو کارانە دەکاتەوە کە دەبنە هۆی هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە لایەنەکان دان بەخۆدا بگرن و لە هەڵکشانی گرژییەکان دووربکەونەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا، هاوكات داواشی کردووە پەنا بۆ گفتوگۆ و ڕێگەی دیپلۆماسی ببرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
لە بەیاننامەکەی عێراقدا ناوی ئێران نەهێنراوە، بەڵام ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت، کە وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ئیدانەی ئەو هێرشە موشەکی و درۆنییەی کرد کە ڕایگەیاند لە لایەن ئێرانەوە کراوەتە سەر وڵاتەکەی، و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی کوەیتی ناوبرد.
سەبارەت بە پاشخانی ئەم ڕووداوەش، سوپای کوەیت لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، کە بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشێکی موشەکی و درۆنیی سەرچاوەگرتوو لە ئێرانی داوەتەوە، و داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کردبوو پابەندی ڕێنماییە ئەمنی و خۆپارێزییەکان بن کە لە لایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچوون.