دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

فارس عیسا: بەغدا بەڵێنی داوە هیچ مووچەیەکی هەرێمی کوردستان نەفەوتێت

هەرێم نیوز

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەڵێنی تەواویان پێ دراوە کە هیچ مووچەیەکی هەرێمی کوردستان نەفەوتێت، هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراقیش جەختی لە پێویستیی دوورخستنەوەی بژێویی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان کردووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 23ـی 5ـی 2026، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق بەڵێنی فەرمییان پێ داون کە پاڵپشت و هاوکار دەبن لەگەڵ هەرێم و ڕێگە نادەن هیچ شایستە و مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بفەوتێت.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕوونی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت پرسی مووچە و شایستە داراییەکان تێکەڵ بە کێشە و جیاوازییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت.

ئەم پەیامە ئەرێنییانە لە کاتێکدان کە هەر ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی بەدواداچوونی ڕێکارەکان، سەردانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کرد.

 لەوێدا زەیدی فەرمانی ڕاستەوخۆ و توندی ئاراستەی وەزیری دارایی کرد کە پێویستە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بکرێت، تاوەکو ڕێگری لە دروستبوونی هەر جۆرە دڵەڕاوکێ و شڵەژانێک لەناو بازاڕ و لای هاووڵاتییاندا بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP