دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی و هەیبەت حەلبووسی کۆبوونەوە؛ جەخت لە پەسەندکردنی یاسا نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم کرایەوە

هەرێم نیوز

لە درێژەی کۆبوونەوە باڵاکانیدا لە پایتەختی عێراق، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، بە قووڵی تیشک خرایە سەر دۆخی سیاسیی عێراق و دووپات لە ڕۆڵی گرنگی ئەنجوومەنی نوێنەران وەک دامەزراوەیەکی باڵای یاسادانان لە وڵاتدا کرایەوە، بە ئاراستەی خزمەتکردنی گشت پێکهاتە جیاوازەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ کێشە ناوخۆییەکان.

هەردوو سەرکردە هاوڕا و کۆدەنگ بوون لەسەر پێویستیی خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە جۆرێک کە بنەمای سەرەکیی ڕێککەوتنەکان دەستووری عێراق بێت.

لەم ڕووەوە، مەسرور بارزانی و هەیبەت حەلبووسی دووپاتیان لە گرنگیی ئامادەکردن، هەموارکردن و پەسەندکردنی ژمارەیەک پڕۆژە یاسای گرنگی نیشتمانیی کردەوە (کە لە پێشەنگیاندا یاسای نەوت و غاز و یاسای بودجەیە)، بە مەرجێک ئەو یاسایانە ماف و شایستە داراییەکانی گشت پێکهاتەکان بپارێزن و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP