دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپاسالاری پێشمەرگە: تا مانگی نۆ پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان کۆتایی دێت

هەرێم نیوز

عیسا عوزێری، سوپاسالاری پێشمەرگە ڕایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتدا بەردەوامە و تا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بەتەواوی کۆتایی دێت و دەبنە یەک هێزی نیشتمان. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی 5ـی 2026، فەریق ڕوکن عیسا عوزێری، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوایین هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئامارێکی نوێی خستە ڕوو.

سوپاسالاری پێشمەرگە ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە توانیویەتی هەشت فیرقە پێکبهێنێت، و هاوکات کارەکانی فەرماندەیی دەڤەری یەکیش بەتەواوی کۆتایی هاتووە.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش، فەریق ڕوکن عیسا عوزێری ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا چاوەڕوانن فیرقەی ١٠ و فەرماندەیی دەڤەری دوو لیستی ناوەکانیان ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن.

بەم پێیەش و بەپێی یاداشتی لێکگەیشتن، پێویستە تاوەکو ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، یەک هێزی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە و لەژێر چەتری حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا پێکبهێنرێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سوپاسالاری پێشمەرگە جەختی لەسەر بەردەوامیی کارەکانیان کردەوە و ڕایگەیاند کە هەوڵێکی جددییان داوە و زۆر گەشبینن بەوەی تا ٢٥ـی ٩ پرۆسەکە بە فەرمی بەکۆتا بهێنن. جێی باسە، ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە کە ئامانج لێی دروستکردنی فەرماندەیی و سیستمێکی یەکگرتووی سەربازییە لە هەرێم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP