هەرێم نیوز
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە پەیامێکی فەرمیدا پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای قۆناغێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و بەغدا خواست.
سەرۆکی ڕووسیا ئەمڕۆ هەینی (١٥ی ئایاری ٢٠٢٦)، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و عێراق لەسەر بنەمای "نەریتێکی چەسپاو و ڕەسەن لە دۆستایەتی و ڕێزگرتنی یەکدی" بونیاد نراون. پووتین جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ئارەزووی تەواوی هەیە بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی زیاتری ئەم هاریکارییە دووقۆڵییانە.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ڕووسیا ڕوو لە عەلی زەیدی دەڵێت: "چاوم لەوەیە کارکردنی ئێوە لە سەرۆکایەتیی حکومەتدا ببێتە هۆی پەرەپێدانی هاریکارییە بەرهەمدارەکان لە سەرجەم بوارەکاندا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەل بکات و بەشدار بێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا."
ئەم پیرۆزباییەی سەرۆکی ڕووسیا دوای ئەوە دێت کە دوێنێ پێنجشەممە (١٤ی ئایاری ٢٠٢٦)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان متمانەی بە کارنامەی وەزاری و پێکهاتەی حکومەتی نوێی عێراق دا. لە کۆبوونەوەکەدا ١٤ وەزیری کابینەکەی زەیدی توانییان متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنن و وەک وەزیری نوێ سوێندی یاسایی بخۆن.