هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە یەکەم وتاری فەرمیی خۆیدا دوای دەستبەکاربوونی، سوپاسی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران و پاڵپشتیی هێزە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی کرد و بەڵێنیدا کە قۆناغی داهاتوو ببێتە "قۆناغی هاوبەشیی نیشتمانیی ڕاستەقینە" بۆ تێپەڕاندنی سەرجەم ناکۆکییەکان.
عەلی زەیدی تیشکی خستە سەر بەرنامەی کاری کابینەکەی و ڕایگەیاند، لە پێشەنگی کارەکانیاندا بەرنامەیەکی گشتگیری چاکسازیی ئابووری و دارایی دەبێت بە ئامانجی بنیاتنانی ئابوورییەکی هەمەچەشن کە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوە (نەوت) نەبەستێت. گرنگترین خاڵەکانی ئەم چاکسازییە بریتین لە:
• چالاککردنی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و وەبەرهێنان.
• ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.
• پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی سەرەکی لە دەوڵەتدا.
• دابەشکردنی یەکسانی دەرفەتەکان لە نێوان عێراقییەکاندا بەبێ جیاکاری.
سەرۆکوەزیرانی نوێ جەختی لەسەر ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی کردەوە و گوتی: "بە هەموو توانامانەوە کار دەکەین بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، چونکە گەندەڵی ڕێگرە لە گەشەپێدانی وڵات."
سەبارەت بە دۆسیەی خزمەتگوزارییەکانیش، زەیدی بەڵێنیدا کە چیتر ئەم دۆسیەیە پاشەکەوت و دواخراو نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژییەوە دەستکاری کەرتی کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان، ئاوەڕۆ و نیشتەجێبوون دەکرێت. هاوکات بەڵێنی گۆڕانکاریی جیاوازی لە کەرتی پەروەردە و باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکانی شار و لادێکاندا دا.
پەیوەست بە دۆخی ئەمنی و نێودەوڵەتی، عەلی زەیدی ڕایگەیاند، کابینەکەی کار دەکات بۆ چەسپاندنی ئاسایش و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق. ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییە عەرەبی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بەغدا لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندیی هاوبەش دەبێت بۆ پاراستنی پێگەی مێژوویی وڵاتەکە.
زەیدی وتارەکەی بەم پەیامە کۆتایی پێهێنا:
"عێراق شایەنی ئەوەیە ئەمڕۆ بگەشێتەوە و ڕۆڵەکانی بە شکۆمەندییەوە بژین؛ وڵاتەکەیان بەشێوەیەک ببینن کە بەهێز، دادپەروەر و توانای بەدیهێنانی خواستەکانیانی هەبێت."
ڕۆژی پێنجشەممە (١٤ی ئایاری ٢٠٢٦)، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی بەخشی. لەم پێکهاتە نوێیەدا، لایەنە کوردییەکان تاوەکو ئێستا سێ وەزارەتیان وەرگرتووە، و چاوەڕوانیش دەکرێت دوای پشووەکانی جەژنی قوربان، دەنگدان لەسەر ئەو وەزارەتە کەمەنەتەوەیی و گوماناوییانەی کە ماونەتەوە، یەکلا بکرێتەوە.