دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆران؛ پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتری و بەرزترین پردی عێراق تەواو کرا

هەرێم نیوز

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگەوبان، پڕۆژەی ستراتیجیی دووسایدی ٤٠ مەتریی سۆران و بەرزترین پردی لەسەر ئاستی عێراق بە سەركەوتوویی تەواو كرد و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ڕووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.

ئەم پڕۆژەیە کە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبەتمەندییەکی ناوازەی هەیە کە ئەویش بوونی پردێکە بە بەرزیی ٣٢ مەتر. ئەم پردە کە درێژییەکەی ٢٥٠ مەترە، بە یەکێک لە بەرزترین پردەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

وردەکاریی دارایی و هونەریی پڕۆژەکە:
• تێچووی گشتی: ٥٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار.
• تێچووی پردەکە: ٢٨ ملیار دینار.
• درێژیی شەقامەکە: زیاتر لە ٣ كیلۆمەتر (بە قۆناغی جیاواز).
• پانیی شۆستە: ٢.٥ مەتر بۆ پیادە لەگەڵ دابینکردنی سیستەمی سەلامەتی.

ئەم پڕۆژەیە کە لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەردی بناغەی دانرا، جگە لەوەی سیمایەکی مۆدێرن بە شارەکە دەبەخشێت، چەندین سوودی ستراتیجیی هەیە:
• کەمکردنەوەی بەرچاوی قەرەباڵغیی ناوشاری سۆران.
• بەستنەوەی ناوەندی سۆران بە شارۆچکەی مێرگەسۆر.
• ئاسانکاریی زۆر بۆ هاتوچۆی شۆفێران و گواستنەوەی بازرگانی لە ناوچەکەدا.

تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکی پێوانەییدا، نیشانەی بەردەوامیی کاروانی ئاوەدانیی کابینەی نۆیەمە بۆ خزمەتکردنی زیاتری ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژێرخانی گواستنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP