هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (١٣ی ئایاری ٢٠٢٦)، پێشوازی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپات کردەوە.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزی پاپای ڤاتیکان بە ناوی قەداسەتی پاپاوە، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی کرد بۆ:
• پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی کریستییان و گشت پێکهاتەکان لە هەرێم.
• پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکاندا.
باڵیۆزی ڤاتیکان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی تایبەتی لای قەداسەتی پاپا هەیە و گوتی: "کوردستان لە دڵی قەداسەتی پاپادایە و هەمیشە نزای پێشکەوتن، خێر و ئاشتی بۆ دەکات."
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا. هەروەها هەردوولا باسیان لە دوایین پەرەسەندنەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی عێراق.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی گرنگی بەیەکەوەژیانی ئایینی لە ناوچەکەدا دەبینرێت و پەیوەندییەکی مێژوویی و بەهێزی لەگەڵ ڤاتیکان هەیە.