هەرێم نیوز
دکتۆر وەلید سەهلانی، سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسیی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵێکی جددی دەدەن بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق هاوتا بکرێت، و جەختیشی لەوە کردەوە کە بەپێی دەستوور نابێت هیچ جیاکارییەک لە نێوان زیندانیانی سیاسی لە سەرانسەری وڵاتدا هەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی 5ـی 2026، دکتۆر وەلید سەهلانی، سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، زیندانیان لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان و عێراق بن، هەمان مەینەتییان لەسەر دەستی دەسەڵاتی پێشوو بینیوە، بۆیە نابێت هیچ جیاکارییەک لە نێوانیاندا هەبێت و پێویستە بەپێی دەستووری عێراق مافەکانیان هاوتا بکرێت.
سەهلانی نیگەرانیی خۆی نیشان دا لەوەی کە "بەشێکی زۆری زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ ماف و شایستەیەک وەرناگرن، ئەوانەشی کە بڕە پارەیەک وەردەگرن، شایستەکانیان زۆر کەمە." ئاماژەی بەوەش کرد، بەداخەوە زۆربەی خێزانی قوربانییان و زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ستەمیان لێکراوە و مافی شایستەی خۆیان وەرناگرن.
سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسیی عێراق تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئەو توێژە و ڕایگەیاند، ئەگەر تێکۆشانی ئەو زیندانی و قوربانییانە نەبووایە، گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات بەم شێوەیەی ئێستا نەدەبوو، بۆیە ئەرکی حکومەتە خێزانەکانیان بە باشترین شێوە قەرەبوو بکاتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەلید سەهلانی جەختی لەسەر ئەرکی دامەزراوەکەیان کردەوە و وتی: "ڕۆڵی سەرەکیی ئێمە وەک دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، پاراستنی مافی هەموو ئەو کەسانەیە کە لە ساڵانی ١٩٦١ و ١٩٦٢ـەوە تاوەکو کاتی ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣، سوودمەند دەبن لە یاساکە؛ ئێمە هیچ جیاکارییەک لە نێوان هیچ کەسێکدا ناکەین و هەموو زیندانیانی سیاسی بە یەک چاو سەیر دەکەین."