هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و لە ماوەی چوار ڕۆژدا پرۆسەکە کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی 5ـی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە (13ـی 5ـی 2026) دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە خێرا دەبێت و ڕۆژی شەممە (16ـی 5ـی 2026) کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و شوێنەکان دێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی تێبینییەکی بۆ خانەنشینانی سەربازی خستووەتە ڕوو و ڕوونیکردووەتەوە: "لەگەڵ ئەوەی بەپێی خشتەکە مووچەی خانەنشینانی سەربازی بە شێوەی کاش ڕۆژی پێنجشەممە دابەش دەکرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی لەڕێگەی پرۆژەی (هەژماری من)ـەوە مووچە وەردەگرن، دەتوانن هەر سبەینێ چوارشەممە مووچەکانیان لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)ـەوە وەربگرن."