دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: دوایین گوژمەی پارەی مووچەی مانگی نیسان گەیشتە هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوایین گوژمەی پارەی مووچەی مانگی نیسان کە زیاتر لە ٩٦١ ملیار دینارە، خرایە سەر هەژمارەکەیان، بەڵام هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو بەغدا بەشێک لە پارەی خانەنشینانی نەناردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی 5ـی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەمێک پێش ئێستا دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەمی ئەو بڕە پارەیەی خراوەتە سەر هەژمارەکەیان، ٩٦١ ملیار و ٧٣٦ ملیۆن دینارە و تایبەتە بە مووچەی مانگی نیسان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕی ١٦ ملیار و ٦٢٤ ملیۆن و ٨١٤ هەزار و ٤٧٨ دیناری لە تەمویلەکە نەناردووە، کە ئەو بڕە پارەیەش بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازیی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP