هەرێم نیوز
لە کەلار هاووڵاتییەک لە کاتی چاوەڕوانیکردن لە سەرەی وەرگرتنی غازدا گیانی لەدەستدا و پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، بەهۆی سکاڵای کەسوکارەکەیەوە، دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ فرۆشیاری غازەکە دەرکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی ئایار، سۆران حەمە غەریب، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە قەزای کەلار لە سەرەی وەرگرتنی غازدا هاووڵاتییەک بە ناوی (عەلی حەمەئەمین قادر) لەدایکبووی 1970 دانیشتووی کەلاری کۆن گیانی لەدەستدا". ئاماژەی بەوەش کردووە، لەئێستادا بەمەبەستی توێکاری و هۆکاری گیانلەدەستدانی، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، کەسوکاری ئەو هاووڵاتییەی گیانی لەدەستداوە سکاڵایان لە دژی فرۆشیاری غازەکە تۆمار کردووە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 411 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فرۆشیارەکە دەرچووە.