دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هاتوچۆی هەرێم: فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە ناو ئۆتۆمبێلەوە سزای دارایی توندی لێدەکەوێتەوە

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە بڵاونامەیەکی نوێدا هۆشداری دەداتە شۆفێران و سەرنشینان لەبارەی فڕێدانی زبڵ و خاشاک بۆ سەر شەقامەکان و ڕایدەگەیەنێت، کە لەمەودوا سزای دارایی بۆ سەرپێچیکاران تۆمار دەکرێت.

سزای ٤٠ هەزار دینار بۆ هەر سەرپێچییەک
بەپێی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی ناوخۆ کە پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەرکراوە، هەر شۆفێر یان سەرنشینێک لە کاتی ڕۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێلدا، زبڵ و خاشاک فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەکان، بڕی ٤٠,٠٠٠ چل هەزار دینار سزای دارایی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی یان ماتۆڕسکیلەکەی تۆمار دەکرێت.

کامێراکانی چاودێری سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن
هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم سزایە لە ڕێگەی چەندین میکانیزمەوە جێبەجێ دەکرێت:
• سیستەمی PDA: تۆمارکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەفسەرانەوە.
• کامێراکانی چاودێری: کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و چاودێری بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنرێن.
• ڤیدیۆی هاووڵاتییان: ئەفسەرانی هاتوچۆ دەسەڵاتیان پێدراوە سزا بسەپێنن لە کاتی بینینی سەرپێچییەکە، یان لە ڕێگەی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ پلاتفۆرمەکانی هاتوچۆ ڕەوانە دەکرێن.

داواکارییەک بۆ هاونیشتمانیان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ داوا لە هاونیشتمانیان دەکات هاوکاریان بن لە پاراستنی پاک و خاوێنی و ژینگەی کوردستان. جەختیش دەکەنەوە کە پێویستە هەمووان خۆیان لە فڕێدانی پاشماوە بپارێزن و لە کاتی بینینی سەرپێچیکاراندا، پۆلیسی هاتوچۆ ئاگادار بکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP