دواین هەواڵ

عێراق‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

مالیکی بە هاوپەیمانێتییەکی ٧٥ کورسییەوە هاوکێشەیەکی نوێ دەسەپێنێت

هەرێم نیوز

جوڵە سیاسییەکان لە بەغدا گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆیانەوە دەبینن؛ سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان ئاشکرای دەکەن کە بەمزووانە هاوپەیمانییەکی نوێی شیعی بە ناوی "هاوپەیمانی بەهێزەکان" ڕادەگەیەنرێت کە نەخشەی هێز لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەگۆڕێت.

دوای درزکەوتنی گەورە لە هاوپەیمانییەکەی محەمەد شیاع سودانی (ئیئتیلافی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان)، پێنج هێزی سەرەکیی ناو ماڵی شیعە بەرەیەکی نوێیان پێکهێناوە کە نزیکەی ٧٥ ئەندامی پەرلەمان لەخۆدەگرێت. لایەنە سەرەکییەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە بریتین لە:

1. نوری مالیکی - سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
2. هادی عامری - سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح
3. فالح فەیاز - سەرۆکی بزووتنەوەی عەتا
4. هومام حەمودی - سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی
5. ئەحمەد ئەسەدی - سەرۆکی فراکسیۆنی سەند

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانێتییە بریتییە لە ڕاگرتنی پەرتەوازەبوونی زیاتری ماڵی شیعە و ڕاستکردنەوەی ئەو "لادانانەی" کە لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێ ڕوویان دا. ئەم هێزانە دەیانەوێت ڕێگری لەوە بکەن کە بە "دزینی شایستە سیاسییەکان" ناویان بردووە.
ئەم تەکتەلە نوێیە دەیەوێت لە قۆناغی داهاتوودا هاوکێشەیەکی سیاسیی جیاواز بسەپێنێت.

بەوپێیەی خاوەنی قورساییەکی زۆری پەرلەمانین، ئامانجیانە پێگەیەکی بەهێز لە دانوستانەکانی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدیدا مسۆگەر بکەن و پەکخەری هەر هەوڵێک بن کە بۆ لاوازکردنی پێگەی ئەوان لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەدرێت.

چاودێران پێیان وایە سەرهەڵدانی "هاوپەیمانی بەهێزەکان" کێبڕکێی ناوخۆیی هێزە شیعییەکان توندتر دەکات و ڕەنگە ببێتە بەربەست لەبەردەم تێپەڕاندنی ئەو ٩ وەزارەتەی کە بۆ دوای جەژن دواخرابوون، مەگەر ئەوەی سودانی و سەرۆکوەزیرانی نوێ مل بدەن بۆ داواکارییەکانی مۆڵگەی نوێی مالیکی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP