هەرێم نیوز
باسم خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە دۆسیەی وزەدا دەکەن، و ئاشکراشی کرد کە مانگی ڕابردوو ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی 5ـی 2026، باسم خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی وزەدا.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامن لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە پەیوەستن بە دۆسیەی نەوت و وزەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسم خوزەیر جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانی گونجاو لە بەرهەمهێنانی وزەدا، بە مەرجێک ئەو وەبەرهێنانە بە شێوەیەک بێت کە سوودی بۆ تەواوی عێراق هەبێت.
هاوکات پێشی وابوو کە پێویستە پیشەسازییە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بەتەواوی هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بن و بە هەمان شێواز بەڕێوە بچن.
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتیش لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا، وەزیری نەوتی عێراق ئامارێکی نوێی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە لە مانگی ڕابردوودا توانیویانە بڕی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکەن.