دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسروور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و سەرکردە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە (٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦)، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بەرەو بەغدای پایتەخت بەڕێکەوت و گەیشتە ئەوێ، بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرز لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومی و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق.

سەردانێکی دوو ڕۆژەی چڕ و گرنگ
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا دوو ڕۆژ دەخایەنێت. لەم ماوەیەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی حکومەتی فیدراڵ؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران؛ و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆدەبێتەوە. هاوکات بڕیارە زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە باڵا و کاریگەرەکانی هێزە سیاسییەکانی نێو ماڵی شیعە و سوننە ئەنجام بدات کە ڕۆڵی سەرەکییان لە گۆڕەپان و پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە.

تەوەرەکانی گفتوگۆ و پرسی دەستوور
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا، وێڕای گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری، پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە؛ پرسی سەرەکیی گەشتەکە کە بریتییە لە چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ (بەتایبەت دۆسیەی وزە, کارەبا، شایستە داراییەکان و ئاسایشی ناوچەکە) لەسەر بنەمای دەستوور، بە قووڵی تاوتوێ دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP